دوای هۆشدارییەکەی نەپەگە؛ ئەردۆغان هەڕەشەی هێرش دەکات

ڕۆژ نیوز-ناوەندی هەواڵەکان

دوای هۆشداری نەپەگە بۆ هیزە سەربازی و سیاسییەکانیان لە هەوڵی حکومەتی ئەکەپە و مەهەپە لە دژی کورد پێش هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی کرد.

ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێكدا، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل – نەپەگە بڵاویكردەوە، دەسەڵاتی ئاكەپە و مەهەپە بۆ بەردەوامی دەسەڵاتی خۆیان هەموو ڕێگەیەك دەگرنەبەر و دەخوازن پێش هەڵبژاردن شەڕێكی نوێ لەگەڵ كورددا هەڵگیرسێنن و هێرش دەستپێبكەن، هەربۆیە داوایکرد هێزە سیاسی و سەربازییەکانیان ئامادەکاری بکەن.

دوای ئەو ڕاگەیەندراوە ئێوارەی ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک لە مەڕەشی باکوری وکردستانەوە ڕایگەیاند “ئۆپەراسیۆنەکانمان لە ناوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانمان بەردەوام دەبێت”.

ئەردۆغان باسی لەوەسکرد، هێرشی ئەوان  ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە پاڵپشتی پەکەکە دەکەن و رەخنەی لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیاش گرت بەهۆی ئەوەی بەڵێنی چارەسەرکردنی پرسی کوردیانداوە.

قسەکانی سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک لە کاتیکدایە کە پێشتر هاوسەرۆکی کەجەکە لەدوای بومەلەرزەکەوە فەرمانی بەسەرجەم هیزە سەربازییەکانی گەریلا کرد هێرش نەکەن و ئەگەر هێرشیشیان کرایەسەر تەنها خۆیان بپارێزن.

بەگوێرەی ڕاپرسییەکانی ناوخۆی تورکیا لە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایاری تورکیادا ئەردۆغان و هاوپەیمانەکەی ڕووبەڕوی شکست دەبنەوە و کاندیدی هاوپەیمانی ئۆپزسیۆن ئەگەر لەلایەن هەدەپەوە پشتیوانی بکریت سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت.

رۆژی چوارشەمەش هەدەپە بە فەرمی ڕایگەیاند هیچ کاندیدێکیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا نابێت و ئەمڕۆش پەروین بوڵدان لە ئیستەنبوڵ ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی داهاتوودا لەبارەی کاندیدەکانی سەرۆک کۆمارەوە بریاری کۆتایی دەدەن کە ئایا دەنگ دەدەن بە کام کاندید یان دەنگ نادەن.

ها-ع

Comments are closed.